وتووێژێکی سەرهێڵ لەسەر زمانی کوردی و تەکنۆلۆژیا

بە ئامادەبوونی بەڕێزان:
ئاراس نوری
ئارام بەکر
ئاسۆ مەحموودی
ئاگا ئیسماعیل عەبدوڵڵا
ئاوات هادی
ئەحمەد کەریم
جەعفەر حامیدی
دیاکۆ هاشمی
سەرچیا خورشید
محەممەد سەردار



سەرەتا دۆخی ئەمڕۆی زمانی کوردی پاش تێپەڕبوونی چەند ساڵ بەسەر گشتاندن هەڵسەنگێنرا. دواتر گرفت و نوقسانییەکانی زمانی کوردی لە تەکنۆلۆژیای زانیاری بەدرێژی باسیان لێوە کرا. دانیشتن و ئاخاوتن لەسەر گرفتەکانی زمان و نواندنی پیتە کوردییەکان لە بواری تەکنۆلۆژیادا، هەنگاوێک نییە کۆتاییی بێت، بەڵکوو ڕەوتێکی درێژخایەنە و ئەرکە لەسەر هەموو کەسێک کە بە کوردی دەنووسێت بە خاوێنی ڕای بگرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا باس کرا لەسەر:
- ڕەوتی گشتاندن و ناسینی تەواوی زمانی کوردی لە جیهانی کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتدا
- کەموکورتییەکان چۆن بنبڕ دەبن؟
- شیکردنەوەی ئەرکی هەموومان بەرانبەر خاوێنیی زمانی کوردی لە کۆمپیوتەر و ئینتەرنێتدا بۆچوون و ڕای بەڕێزان د. فەریاد فازڵ - زمانەوان، د. نەجاتی عەبدوڵڵا - ئەکادیمیای کوردی و بەڕێز هیوا ئەفەندی - سەرۆکی فەرمانگەی ئایتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر خاڵە باسکراوەکان وەرگیراوە.

کۆد و تەختەکلیلی کوردی

١. گرفتی هێی دووچاو (پیتی «ھ» لەجیاتیی «ە» لە تەختەکلیلەکان)


لەمەودوا هەوڵ دەدرێت کە لەسەر بڕیاری گشتاندنی ٢٠١٣ دەست لە پیتی ھ (U+06BE) هەڵبگیرێت و ئەوەی کە بەکار چووە (U+0647) لەسەر تەختەکلیلەکان کاری پێ بکرێت. هاوڕێیانمان لە ویکیپیدیا ئاگادار دەکرێنەوە کە لەمەودوا هەوڵ بدرێت تەنیا بە یەک شێوەی پیتی هێ بنووسرێت.

٢. گرفتی پیتەکان و شوێنیان لەسەر تەختەکلیلەکان


بۆ چارەی جیاوزی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات، دوو تەختەکلیلی جیاواز دروست دەکرێت. بەو مەرجەی کە یونیکۆدەکان هەمووی چوونیەکبن.



تەختەکلیلی شێوازی قوەرتی



جیاوازی لەگەڵ تەختەکلیلی ڕۆژهەڵات:



دووپاتبوونەوە و بەکارچوونی پیتەکان:



٣. تەختەکلیلی گەڕانی گووگڵ و شێوەی داڕشتن و پیتەکان


پاش پێشکەشکردنی باسێکی تێروتەسەل لەلایەن سەرچیا خورشید، بەم ئاکامانە گەیشتین:
هەر دوو شێوەی تەختەکلیل لەسەر بنچینەی تەختەکلیلە ئینگلیزی و عەرەبییەکان ئامادە دەکرێن.
هەموو پیتە عەرەبییەکان لە تەختەکلیل لا دەبرێن، چونکە تەختەکلیلەکە بۆ زمانی کوردییە و پێویست ناکات لەگەڵ زمانەکانی تردا کە تێکەڵ بکرێت. تەختەکلیلەکان لەسەر هەڵسەنگاندن و ڕێکخستنی پیتە کوردییەکان دروست کراون، بە شێوەیەک بەکارهێنانی ئاسان بێت، بۆی هەیە لە داهاتوودا و بەپێی هەڵسەنگاندنی زمانەوانی گۆڕینی بەسەردا بێت.
«بزوێنی ە»، «کافی کوردی»، «ڵا» و «دوو واو» و هەموو پیتەکانی تر، کۆدەکانیان لەسەر ئەو شێوازەیە کە لە گشتاندنی ساڵی ٢٠١٣دا بڕیاری لەسەر دراوە.
هیچ گۆڕین و کۆدێکی نوێ یان پیتێکی دی بەدەر لە پیتە کوردییەکان و بەبێ کۆدەنگی زۆر ناکرێن.
لە شێوازە ئینگلیزییەکە، جێی پیتی «ح» بە «ێ» گۆڕراوە، لەبەر ئەوەی کە زۆرتر لە نووسینی کوردی بەکار دێت. پیتی «ح» خراوەتە ژێر «ە» بە داگرتنی شیفت.
لە شێوازە عەرەبییەکە هەموو پیتە کوردییەکان لە لایئاوتی سەرەکی دانراون، بۆ هیچ پیتێک پێویست ناکات (بەرزکەرەوە Shift) دابگیرێت.




٤. ڕێسا و چەسپاندنی ڕێنووسی زمانی کوردی

بۆ دروستکردنی هەڵەچن (spell checker)ێک بۆ زمانی کوردی، وشەدانێک لە وشە ڕاست و دروستەکان و گەردانکردنی وشەکان و کردارەکان پێویستن. کلیلی سەرکەوتنی کاری هەڵەچنەکە ئەوەیە کە ئەرکەکانی لەسەر ڕێنووسێکی یەکگرتوو جێبەجێ بکرێن.
لەسەر ئەو بنەمایانەی کە ئەکادیمیای کورد لە نامیلکەی ڕاسپاردەکانی زمانی کوردیدا دای ڕشتووە و بەڕێز دیاکۆ هاشمی بە نموونە و شیکاری لێکی داونەتەوە و باسی کردوون کاری هەڵەچنەکە ساز دەکرێت.
لەو گرفتانەی کە پێویستن چار بکرێن و نەمێنن، چ لە نووسراوە ئەلیکترۆنییەکان و چ لەسەر هەندێک تەختەکلیل بریتین لە:


١. بەکارنەهێنانی جیاکەرەوە (U+200C).
لابردنی جیاکەرەوە (بە Zero Width Non-Joiner ناسراوە)، کە لەنێوان وشە و هەندێک لە پیتەکاندا بۆ جوانکاری بە کار هێنراوە.
٢. بەکارنەهێنانی تەقەڵ یان داش لەنێوان دوو وشەدا.
پێویستە کە وشە لێکدراوەکان وەکوو خۆیان بنووسرێنەوە، ئەگەر وشەکە درێژ بوو، ئەوا بە بۆشاییی بچووک بکرێنەوە.
٣. پیتی کورتکراوە لاتینییەکان/کوردییەکان بە خاڵ جیا بکرێنەوە
زۆرێک لە کورتکراوەکان وەکوو (پدف PDF) یان (پدک: پارتی دیموکراتی کوردستان) پێویستە یەک شێوەی یەکگرتوو بۆ نووسینەوەیان بەکار ببرێت، کوردییەکان بەسەریەکەوە و لاتینییەکانیش دانانی خاڵە لەنێوانی پیتەکاندا.
پ.د.ف
پ.د.ک

٥. هەندێک تێبینیی گشتی


هەوڵ بدرێت کە تەختەکلیلەکانی کراونەتە بنەڕەت ڕەواجی بۆ پەیدا بکرێت و ئەو بڕیارەی حکومەت زیندوو بکرێتەوە لە فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەتدا.
هەموو ئەوانەی کە کاری وەرگێڕان دەکەن، پێویستە پابەند بن بە بەکارهێنانی یەک تەختەکلیل.
هەموو کۆدەکان و پیتە کوردییەکان، تەختەکلیلی کوردی و شێوەکانی لەسەر عەرەبی و ئینگلیزی نێرراوە بۆ گووگڵ، سامسۆنگ، ئەپڵ، هواوی و مایکرۆسۆفت. ئەگەر هەر شوێنێکی تر کە ئەو کۆدانە بەکار ناهێنێت ئاگادار بکرێتەوە و نەخشەی پیت و کۆدەکانی پێ بدرێت.
وشیارکردنەوەی خەڵکی بۆ بەکارهێنانی تەختەکلیلێکی یەکگرتوو، بۆ نووسین بە ڕاست و دروستی و لەپێناو نەهێشتنی هەڵەی ڕێنووس.

کورتەیەک لەسەر کۆبوونەوەکە

کۆبوونەوەکە لەسەر پێشنیازی «ئاراس نوری» لە گرووپی زانستپەروەرانی کوردەوە ڕێک خرا. بەهۆی ڤایرۆسی کۆڤید بەستنی دوا کەوت. بانگهێشتی کۆبوونەوە بۆ زۆر کەس نێرراوە و لە فەیسبووک و تویتەر و دەماودەم بڵاو کراوەتەوە. ٢٨ کەس خۆی ناونووس کردووە و فۆرمی بەشداربوونی بەتەواوی پڕ کردووەتەوە. دوو کەس ئیمەیلی هەڵە بووە، دەنا بۆ هەموو بانگهێشتی کۆبوونەوەکە و بەستەری بەشداربوون نێرراوە.
کۆبوونەوەکە بەردەوامی دەبێت، ئەرکەکان دابەش کراون و کۆنووسی بڕیار و باسەکان لەسەر پەڕەی فەرمی unicode.ekrg.org و zkurd.org بڵاو دەکرێتەوە. دەشنێررێت بۆ زانکۆکان و ئەکادیمیای کوردی و ئەو دامەزراوانەی لەگەڵ کوردینووسین لە تەکنۆلۆژیادا بەرکەوتەیان هەیە.

هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری