گشتاندن

لە بنەما سەرەکییەکانی زمانی نەتەوەیەک لە جیهانی تەکنۆلۆجیای زانیاریدا، ئەوەیە کە پیت و هێماکانی ئەو زمانە لە خشتەی ستانداردی زمانەکاندا کۆدی تایبەتی بۆ دابین کرابێت. گرنگترین خشتەی ستاندارد بۆ کۆدەکان و شێوازی پیت و هێماکان لە جیهاندا خشتەی "ستانداردی یونیکۆد The Unicode Standard"ە. ڕێککەوتن لەسەر ئەو کۆدانەی کە پیتەکانی زمانی کوردی پێناسە دەکەن چیتر بابەتێک نییە بتوانین چاوپۆشیی لێ بکەین یان دوای بخەین. پێناسەکردنی پیت و هێماکانمان ئەرکێکە کە دەبێت خۆمان لە ئەستۆی بگرین و خۆشمان بەکاری بهێنین و لە پێناوی پاراستنی زمانی کوردی و پەرەپێدان و گونجاندنی لەگەڵ تەکنۆلۆجیای سەردەم بەتایبەتی تەکنۆلۆجیای زانیاریدا، بیچەسپێنین...

لە ڕێکەوتی ٢٠١٣/١١/١٣ بە هاودەنگی لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری و نوێنەرانی گرووپەکانی ئایتی لە دەرەوەی وڵات، ئەم بابەتە لە هۆڵی ئەکادیمیای کوردیدا بەتەواوی یەکلایی کرایەوە.

شێوازێکی سنوورداری نووسینی کوردی (نایونیکۆد)

جاران بۆ نووسینی کوردی کەڵک لە جۆرە فۆنتێک وەردەگیرا وەکوو "فۆنتی عەلی، دیلان و هتد" کە ئەگەر بە ئیمەیل، یان بە شێوەی فایلێکی پاشەکەوتکراو بۆ کەسێکی تر بنێردرایە، یان ئەگەر لەسەر ماڵپەڕێک بڵاو بکرایەتەوە، نووسینەکان بۆ خەڵکی تر نەدەخوێنرانەوە و وشەکان تێک دەچوون، مەگەر لای کەسێک، ئەو فۆنتانەی لای خۆی هەبوایە. ئەو فۆنتانە جیهانی نەبوون تا خۆکار لە هەموو کۆمپیوتەر و سیستەمێکدا بوونیان هەبێت. کەوا بێت لەم جیهانە پێشکەوتووەدا کە پێوەندییەکان بە چرکەیەک ڕوو دەدەن، ئەوە هیچ سوودمەند نەبوو. ئەمە تەنیا تایبەتمەند بە کورد نەبوو. زمانەکانی تریش هەمان کێشەیان هەبوو و سیستەمێکی هاوبەشی جیهانییان نەبوو.


تیمی گرووپی ئایتی

ساڵانێکی زۆرە کە چەند کوردێکی دڵسۆز، وەکو سەربازی ون، خۆیان تەرخان کردوە بۆ زمانی کوردی و کورداندنی زاراوەکانی بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری، کۆمەڵە و دەستەی ئایتیان دامەزراندوە و بێوچان کۆششیان کردوە.

  • کورد ئایتی گرووپ
  • زانستپەروەرانی کورد
  • چاوگ
هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری